بەندیخانەی مەهاباد؛ بێبەشبوونی ئەشکان فەهیم، بەندکراوی سیاسیی کورد لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی

٨ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٤:٥٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

ئەشکان فەهیم، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد کە سزای بەندکرانەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا تێپەڕ دەکات، سەرەڕای نالەباربوونی باری تەندروستیی و پێویستی بە دەرمان، لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە و داوای بەردەوامی ناوبراو بۆ وەرگرتنی ئازادیی مەرجدار، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ شرۆڤەیەکی یاسایی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕەت کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بارودۆخی تەندروستیی ئەشکان فەهیم، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری مەھاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناجێگیرە و سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ، هەبوونی کێشەی بینایی و سەرئێشەی درێژخایەن، لە مافی دەرمان بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوی کێشەی بینایی ناوبراو لە لایەن پزیشکی بەندیخانەکەوە، بەرپرسانی بەندیخانە تا ئێستا لەگەڵ ناردنی ئەو بەندکراوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە یان پێدانی مافی مەرەخەسی بە ناوبراو دژایەتییان کردووە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە بێهداریی بەندیخانەی مەهاباد کەرەستەی پێویستی دەرمانی نییە و ناوەندە بەرپرسیارەکان تەنانەت لەگەڵ پێدانی مەرەخەسی بە ناوبراو بۆ چەند کاتژمێر بە مەبەستی سەردانی پزیشکی چاو ڕێگرییان کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، مانگی سەرماوەزی ۲۷۲۳ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ» سزای ۴۵ مانگ بەندکران و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا. سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە و پێویستی جددیی بە دەرمان دەزگای دادوەری لەگەڵ وەرگرتنی بارمتە بە مەبەستی ئازادیی کاتی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بەو بەندکراوە ڕێگری دەکات.

ئەشکان فەهیم ڕۆژی هەینی ۲۴ی خەرمانانی ۲۷۲۳ (۱۵ی سێپتەمبەری ۲۰۲۳)، لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئیسقلالی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا و سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدی ئورمیە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونیدا داندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە