جێبەجێكرانی سزای نامرۆڤانەی بڕینەوەی قامکی سێ بەندكراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٥:٠٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٩ی گەلاێژی ٢٧٢٥

سزای نامرۆڤانەی بڕینەوەی چوار قامكی دەستی ڕاستی سێ بەندكراو بە ناوەكانی هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەریفیان و مەهدی شاهیوەند لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٣٠ی جوڵای ٢٠٢٥)، سزای بڕینەوەی چوار قامكی دەستی ڕاستی مەهدی شاهیوەند، تەمەن ٢٩ ساڵ، هادی ڕۆستەمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵكی ئیلام و مەهدی شەرەفیان، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵكی خوڕەماوا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كرا.

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەم سزای بە ئامادەبوونی پەیمان خان زادە، بەرپرست بەندیخانەی ئورمیە و سەعید نووری، جێگری دادستان لە ژووری جێبەجێكرانی سزاكان، دوای لێدانی دەرزی بێهێزی جێبەجێ كراوە.

ئەم بەندكراوانە لە ساڵی٢٧١٦ لە ئورمیە دەستبەسەر و خەزەڵوەری ٢٧٢٠ لە لایەن لقی تاوانەكانی یەكی تایبەت بە منداڵان و گەنجان بە تۆمەتی “دزی” بە “بڕینەوەی چوار قامكی دەستی ڕاست لە ئاخیر، بە شێوەیەك قامكی گەورە و ناوەڕاست بمێنێتەوە” و هەروەها “گەڕانەوەی موڵكی دزراو” مەحكووم كران.

ئەم سزایە لە كۆتاییدا لە ڕێكەوتی ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆكایەتی دادوەر عەلی شووشتری پشتڕاست كرایەوە.

پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جێبەجێكرانی سزای ئەم سێ بەندكراوە بە “بێ ڕەحمانە و غەیری گەڕانەوە” ناو برد و داوای لە كۆمەڵگای نێونەتەوەیی كردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا بێڕەحمانە گوشار بخەنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەر لەم پەیوەندییەدا و لە ڕێكەوتی ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٩ی ئۆكتوبەری ٢٠٢٤)، سزای نامرۆڤانەی بڕینەوەی قامكی دوو بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی مێهرداد تەیمووری، تەمەن ٣٤ ساڵ و شەهاب تەیمووری، تەمەن ٤٠ ساڵ دوو برای كوردی خەڵكی سەرپێڵ زەهاو لە ناوەندی جێبەجێكرانی سزاكانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە ڕێگای گیوتین جێبەجێ كرا.

لە لایەكی دیكەوە، دوو بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی كەسرا كەرەمی، تەمەن ٤١ ساڵ و مورتەزا ئیسماعیلیان، تەمەن ٤٤ ساڵ لە ژێر مەترسی جدی جێبەجێكرانی سزای بڕینەوەی قامكی دەستی ڕاستیانن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە