ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر چالاکییە کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤییەکانی حەمید مورادی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
حەمید مورادی، پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «شنەی نۆژینی کوردستان»، لە کەسایەتییە ناسراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی سنە بوو. ناوبراو لەگەڵ هەوڵی بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە، لە بواری داکۆکی لە مافی بەندکراوانی سیاسیدا چالاکی دەکرد.
یارمەتیدانی کەسانی کەم داهات، چالاکیی خێرخوازی و بەرخۆدان بەرانبەر بە گوشارە ئەمنییەکان، بەشێک لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤییەکانی ناوبراو پێکدێنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە بەشێک لە چالاکییە پسپۆڕی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤییەکانی حەمید مورادی دەکات؛ کەسایەتییەک کە ژیانی خۆی بۆ خزمەت بە خەڵک، پاراستنی ژینگە و بەرگری لە دادپەروەری تەرخان کرد و لە کۆتاییدا لەو ڕێگایەشدا گیانی خۆی بەخت کرد.
چالاکییە ژینگەپارێزییەکان
حەمید مورادی، لە کەسایەتییە ناسراو و چالاکانی بواری ژینگەپارێزیی سنە بوو کە خۆبەخشانە لە چالاکییەکانی خاوێنکردنەوەی سروشت، فێرکاری لە بواری ژینگەپارێزی، پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکاندا بەشداری دەکرد.
ناوبراو هەروەها وەکوو بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «شنەی نۆژینی کوردستان» ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی پرۆژەکانی پاراستنی ژینگە و زانیاری بەخشین بە خەڵک سەبارەت بە گرنگیی سەرچاوە سروشتییەکان هەبوو.
پارێزەری و هەوڵ بۆ بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی
حەمید مورادی وەکوو پارێزەرێکی دادگوستەری، چەندین ساڵ لە بواری پاڵپشتیی یاسایی لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی چالاکی کردبوو. ناوبراو بەهۆی پێبەندیی خۆی بە بنەما پسپۆڕییەکان و خۆبواردن لە گرنگینەدان بە مافی هاووڵاتییان و بەرگریکارەکانی، چەندین جار کرابووە ئامانجی گوشار و بەربەستی ناوەندە ئەمنییەکان.
ناوبراو بەتایبەتی لە بەدواداچوونی دۆسیەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیدا چالاکی دەکرد و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافی یاسایی بەندکراوانی سیاسی، وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان و دەستڕاگەیشتن بە مافە یاساییەکانیان چالاکی دەکرد.
ڕێگری لە پارێزەریی حەمید مورادی لە دۆسیەی باران ساعیدی؛ نموونەیەکی ئاشکرا لە گوشارە ئەمنییەکان
نموونەیەکی ئاشکرا لە گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر حەمید مورادی، هەوڵی ناوبراو بە مەبەستی وەرگرتنی دۆسیەی باران ساعیدی، چالاکی مافەکانی ژنان بوو؛ هەوڵێک کە سەرەڕای بەدواداچوونە یاساییەکان، چەندین جار لەگەڵ دژایەتیی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو کرایەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە حەمید مورادی لە ماوەی مانگانی ڕابردوودا لانی کەم چوار جار بە مەبەستی وەرگرتنی فەرمیی دۆسیەی پارێزەریی باران ساعیدی هەوڵی داوە بەڵام بەردەوام لەگەڵ دژایەتیی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ناوبراو تەنانەت لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەدا ئامادە بووە بەڵام بە ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان، ئیزنی چوونە نێو دادگا و بەرگری لە بەرگریکارەکەی پێ نەدراوە. ئەو کردەوە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و هێمایەک لە سڕینەوەی ڕێکخراوانەی پارێزەرانی سەربەخۆ لە دۆسیە سیاسییەکاندایە.
باران ساعیدی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۰ی مارسی ۲۰۲۵)، بەهۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لەو شارە دەستبەسەر کرا و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۶ی مەی) جارێکی دیکە بانگ کرایە دادگا و لەگەڵ دوو تۆمەتی نوێی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» و «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» ڕووبەڕوو کرایەوە.
ڕۆڵی کارێگەر لە پرۆسەکانی خێرخوازی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان
سەرتر لە چالاکی ژینگەپارێزی، حەمید مورادی وەکوو کەسایەتییەکی ناسراوی خەڵک لە بابەتەکانی خێرخوازیدا ڕۆڵی دەگێڕا. ناوبراو بەردەوام لەگەڵ بنەماڵە هەستیارەکانی کۆمەڵگادا بوو و هەوڵی دەدا پاڵپشتییان لێ بکات، یارمەتیی منداڵانی بێ سەرپەرشت، بنەماڵە کەم داهاتەکان و پاڵپشتی لە پرۆژە سەربەخۆکانی خەڵک بەشێک لە خزمەتە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و خۆبەخشانەکانی ناوبراو بووە.
گیانلەدەستدانی حەمید مورادی لە ڕەوتی کوژاندنەوەی ئاگری چیای ئاویەر
حەمید مورادی، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۵ی جولای ۲۰۲۵)، بەهۆی سەختیی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی خۆی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی گەلاوێژ لە ڕەوتی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری بەرفراوانی چیای ئاویەری سنە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزی و هێزی خۆبەخشی خەڵک بەسەختی تووشی سووتان هاتبوو.
لە ڕەوتی ئەو ئاگرکەوتنەوەدا دوو چالاکی ژینگەپارێزیی دیکەش، چیاکۆ یووسفی نژاد و خەبات ئەمینی گیانی خۆیان لەدەست دا. ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لە نەبوونی کەرەستە و ئامرازی پێویست و کەمتەرخەمیی ناوەندە بەرپرسیارەکان، تەنیا بە هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی خۆیان، هەنگاویان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ئاویەر نایەوە و گیانی خۆیان لە ڕێگای پاراستنی ژینگەی کوردستاندا بەخت کرد.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەمید مورادی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ بە ئامادەبوونی بەرچاوی خەڵکی سنە، بنەماڵەی دادخوازان، چالاکانی مەدەنی، چالاکانی بواری مافەکانی ژنان و چالاکانی ژینگەپارێزی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی سنە بەڕیوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە دروشمی «شەهید نامرێ» و سروودی ناڕەزایی خوێندرایەوە، بەشداربووان بەنیشانەی ڕێزگرتن لەو کەسایەتییە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی یاد و ناویان بەرز ڕاگرت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی سۆز و هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی سێ چالاکی ژینگەپارێزیی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەبوونی کەرەستەی پاراستنی ژینگەپارێزان، نەبوونی کەرەستەی پێویستی ئاگرکوژاندنەوە و کەمتەرخەمیی ناوەندە بەرپرسیارەکان هۆکارەکانی ڕوودان و دووپاتبوونەوەی ئەو کارەساتە بوون بەشێوەیەک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانی کەم ۱۱ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کوردستان لە ڕەوتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاگری ڕووبەر و دارستانەکانی زاگرۆسدا گیانی خۆیان لەدەست داوە.