ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دۆزینەوەی ئاسەواری کەرەستەی سووتێنەر پاش ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییانەی دارستانەکانی مەریوان

٢٨ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٢:٥٨

هەنگاو، هەینی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٥

پاش ئاگرتێکەوتنەوەکانی ئەم دواییانە لە بەرزاییەکانی کوێستانی سوورێن سەر بە شاری مەریوان، ئاسەواری کەرەستەی سووتێنەر لە لایەن چالاکانی ژینگە پارێزی دۆزراوەتەوە کە وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ مادەی تەقێنەر بووە و ئەگەری هەیە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ئاگر کەوتنەوانە بووبێت. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، چالاکانی ژینگە پارێزی و هێزەکانی خۆبەخشی خەڵکی کە بۆ پێشگرتن لە ئاگری دەورووبەری گوندەکانی «کانی کەوە» و «پیرانەکۆن» بەشدار بوون، پاش دامرکاندنی بڵیسەکانی ئاگر، ئاسەواری کۆمەڵێک کەرەستەی سووتێنەریان دۆزیەتەوە کە توانای ئاگرتێبەردانیان بووە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ئەم کەرەستانە هەڵگری وایەر گەلێکی پێکەوە بەستراو بوونە و لە ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ هەر کەرەستەیەکی دیکە، تەقینەوە و ئاگرتێبەربوون ڕوو دەدا. پێداچوونەوەی بەڵگەکان و ویدیۆکانیش دەری دەخەن کە ئەم کەرەستانە بۆ بەکارهێنانی کاروباری سەربازی درووست کراون و وەک کەرەستەی ڕوونکەرەوە یا بەرگری کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. ئەم ماددانە هەڵگری توانای بەرهەمهێنانی گەرمایەکی بەهێزن کە دەتوانێ بە خێرایی ببێتەی هۆی ئاگرتێبەردانێکی بەرین لە ناوچە سرووشتییەکان. 

ئەم ئاگرکەوتنەوانە ڕۆژی چوار شەممە ١٩ی خەرمانان (١٠ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، لە بەرزاییەکانی کوێستانی سوورێن دەستی پێکردووە و بەشێکی بەرین لە بەرزاییەکان و دارستانەکانی ئەم ناوچە تووشی ئاگر بوونە. بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر و بەرچاو لە ژینگە کەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەوڵی چالاکانی ژینگە پارێزی و بەشداری خەڵکی خۆبەخش، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە. 

پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران و چالاکیی نیزامی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، چەندین جار سەرچاوە سرووشتییەکان و دارستانەکان تووشی زیان گەلێکی قورس بوونە و کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگە پارێزیش لە ڕەوتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی ئاگر کەوتنەوەکان و پارێزگاری لە سرووشت بە هۆی ئاگر کەوتنەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە