جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۹۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ هەینی ١۳ی پووشپەڕی ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۹۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۸ حاڵەت واتا ۸۰۰٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۹۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۸۸ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۱۱ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۱۶ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی جێبەجێ کراوە، موجاهید کورکور لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، مەجید موسەیبی، محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە، ئیسماعیل فکری، ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و حەفیزە بەلووچزێهی و ۸ پیاوی دیکە کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان بەدواداچوون دەکرێت بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامێتی لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۲ ژن لە بەندیخانەکانی قوم و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە یەک کەسیان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۹۹ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ژۆئەن لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۹ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۷ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ژۆئەن لانی کەم سزای سێدارەی ۱۲ بەندکراوی تورک لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۲٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۱ بەندکراوی لوڕ، ۱۱ بەندکراوی کورد و ۹ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی فارس: ۲۴ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۲ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۱۱ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ۱۱ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۹ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۱۰ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۲۰ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی ژۆئەندا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون کە ۴۵ حاڵەت واتا ۴۵.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
چالاکانی سیاسی: ۷ حاڵەت
چالاکانی مەزهەبی: ۹ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۴۵ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ۳۳ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۳ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۹ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۱۹ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس، خوراسانی ڕەزەوی و ئیسفەهان هەر یەک بە ۸ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۹ حاڵەت
پارێزگاکانی فارس، خوراسانی ڕەزەوی و ئیسفەهان: هەر یەک ۸ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات: ۶ حاڵەت
پارێزگای قوم: ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان، سیستان و بەلووچستان و ئورمیە: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، مەرکەزی، کرمان و خوراسانی باشوور: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان، خووزستان، زەنجان، سمنان و ئەردەبیل: هەر یەک ۲حاڵەت
پارێزگاکانی قەزوین و زەنجان: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ۱ حاڵەت