ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٣:٤١

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٥، پەرژاوەتە سەر ڕەهەندە نیگەرانکەرەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان. ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە، کە بە پێی داتا تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ئەم ڕێکخراوەیە کۆ کراوەتەوە، نیشاندەری زۆربوونی سێدارەکان، دەستبەسەرکران، توندوتیژی سیستماتیک و حاڵەتی دیکە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئێران دایە.

بە پێی داتا تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥:

٦١٧ بەندکراو لە سێدارە دراون.

٢٢ کۆڵبەر کوژراون یا بریندار بوون.

٣٢ هاووڵاتیی مەدەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون.

١٧ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین یا مادەی تەقەمەنی

٢٩ هاووڵاتی لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

٨٢٢ هاووڵاتی کە ناسناویان ئاشکرا بووە دەستبەسەر کراون.

٥ چالاکی سیاسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

١٥٠ چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٤٠١ ساڵ و ١١ مانگ بەندکران، ٢٠ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، و ٧ کەس لەوانە جیا لە سزای بەندکران سزای ٤٦٦ لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.

لانی کەم ١٠٨ ژن بە هۆی توندوتیژی خێزانی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون.

لانی کەم ٢٢ منداڵ و لاوی ژێر ١٨ ساڵ دەستبەسەر و یەک حاڵەت سێدارە و حاڵەتێکی دەرچوونی سزای بەندکران بۆ منداڵان تۆمار کراوە.

لەسێدارەدانی لانی کەم ٦١٧ بەندکراو لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥

بە پێی زانیاریی تۆمارکراو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ئێستا، لانی کەم سزای سێدارەی ٦١٧ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی ٥٩٨ کەس لەوان لە لایەن هەنگاوەوە ئاشکرا کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لانی کەم ٤١ بەندکراو بە نهێنی و بە بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری خۆیان لە سێدارە دراون و تەنیا ٣٨ حاڵەت واتە ٦٪ی کۆی گشتی حاڵەتەکانی سێدارە لە میدیا حکوومەتییەکان ڕاگەیێندراوە.

لە نێوان لەسێدارەدراوەکان، ٢٦ کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، مەزهەبی یا بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دراون. ئەم ئامارە دوو هێندەی ئاماری گشتی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لە ١٢ مانگی ساڵی ٢٠٢٤.

هەروەها سزای سێدارەی لانی کەم ١٨ ژن و منداڵێکی تۆمەتبار لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە ئێران جێبەجێ کراوە.

لە کۆی گشتی بەندکراوانی لەسێدارەدراو، ١٥٪ی کۆی حاڵەتەکان ٩١ حاڵەت بەندکراوانی کوردن، هەروەها لانی کەم ٧٩ بەندکراوی بەلووچ، ٧٦ بەندکراوی لوڕ، ٦٥ بەندکراوی تورک، ٢٦ بەندکراوی گیلەک، ١٤ بەندکراوی عەرەب، ٧ بەندکراوی تورکەمەن، ٢ بەندکراوی سیستانی و ٢ بەندکراوی تات لە سێدارە دراون. ١٥٩ کەس لە بەندکراوانی لەسێدارەدراو فارس و لە ناسنامەی ئێتنیکی ٥٦ حاڵەت کە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە. هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لانی کەم ٤٠ بەندکراوی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لە ئێران لەسێدارە دراون.

بەندکراوانی لەسێدارەدراو بە پێی تۆمەتەکان
زیاترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون کە ٤٧٪ی کۆی حاڵەتەکانە.

تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی: ٢٦ حاڵەت

تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە: ٢٨٩ حاڵەت

تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست: ٢٧٥

تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی: ١٩ حاڵەت

تۆمەتی دزی چەکدارانە: ٨ حاڵەت

زیاتر لە ١٨٪ی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگای ئەلبۆرز لە سێدارە دراون کە ١١٢ حاڵەتە. لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی ٤٨ حاڵەت، پارێزگای ئیسفەهان ٤٧ حاڵەت و لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ٣٤ حاڵەتی لەسێدارەدانی بەندکراوان تۆمار کراوە.

دۆخی بەندیخانەکان: گیان لە دەستدانی ٢٩ بەندکراو لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥

بە پێی داتا تۆمارکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لانی کەم ٢٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە. لەم ژمارەیە:

٤ کەس بە هۆی ئەشکەنجە گیانیان لە دەست داوە، کە ٣ بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی لوڕ لە خۆ دەگرێت.

٤ کەس بە هۆی خۆکوژی لە بەندیخانە گیانیان لە دەست داوە.

لانی کەم ٣ بەندکراو بە هۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ بەندکراوانی دیکە کوژراون.

هۆکاری مردنی بەندکراوێکیش نادیار بووە.

لەم ژمارەیە، ٣ کەس لە بەندکراوانی سیاسی (بریتی لە ٢بەندکراوی کورد و ١ هاووڵاتیی وڵاتی سویس) گیانیان لە دەست داوە. بەندکراوانی دیکە بریتین لە:

٦ کەس بە تۆمەتی ئاسایی،

٣ کەس بە تۆمەتی دزی،

٣ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست،

١٠ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە، و ١ کەس بە تۆمەتی ماڵی بووە.

تۆمەتی دوو بەندکراویش دیاری نەکراوە.

بە پێی ئاماری هەنگاو:

٣٨٪ی گیانبەختکردوان (١١ کەس) بەندکراوانی کورد،

٦ کەس بەلووچ،

٢ کەس لوڕ و ١ کەسی گیلەک و ٣ کەسی فارس

٢ کەسی خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان و سویس

لەبارەی ئەو ٤ بەندکراوەی کە لە بەندیخانەکانی قەرچەک، بانە، هەمەدان و قزڵحیساری کەرەج گیانیان لە دەست داوە، زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامەی ئێتنیکیان لەبەر دەستدا نییە.

کوژرانی ٣٢ هاووڵاتیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارەکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لانی کەم ٣٥ هاووڵاتی لە هەموو ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بریتی لە ئیدارەی ئیتلاعات، سوپای پاسداران، هێزی سەر سنوور و هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون کە یەکێک لەوان ژنێکی مامۆستای بەلووچ بووە.
هەموو هاووڵاتییانی مەدەنی کە لەم شەش مانگە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون لە کەمینە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکان بووە و کەمینەی ئێتنیکی بەلووچ بە ٢٥ حاڵەت ٧٨٪ی کۆی گشتی ئامارەکانە.
لانی کەم ٣ هاووڵاتیی کورد، ٢ هاووڵاتیی لوڕ، ١ هاووڵاتیی گیلەک و ١ هاووڵاتیی تورک لەم ماوە کوژراون.


دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان: تۆمارکردنی ناسناوی ٨٢٢ دەستبەسەرکراو

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانی کەم ٨٢٢ هاووڵاتی کە ناسناویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕفێندراون. شایانی باسە کە سەدان هاووڵاتیی دیکە بە تایبەت لە مانگی ژوئەن دەستبەسەر کراون کە ناویان بۆ هەنگاو تا ئێستا ئاشکرا نەبووە و لەم ڕاپۆتەدا نەهاتووە.

لە کۆی گشتی دەستبەسەکراوان؛

٣٧٠ کەس (٥١٪) کورد

١٧٠ کەس (١٦.٥٪) بەلووچ

٥٠ کەس عەرەب

٤٠ کەس لوڕ
٣٣ کەس تورک و ١٢ کەسیش گیلەک بوون.

هەروەها:

٢٢ منداڵ و لاوی ژێر ١٨ ساڵ دەستبەسەر کراون کە بریتین لە ١٠ منداڵی بەلووچ، ٩ منداڵی کورد و ٣ منداڵی لوڕ.

لە دەستبەسەکراواندا، ٧٣ کەسیان ژن، ١٣ کەس مامۆستا و مامۆستای زانکۆ، ٨ خوێندکار و ١٠ چالاکی میدیایی بوون.

لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، ١٠٢ چالاکی مەزهەبی هەیە:

٤٠ کەسی سوننە مەزهەب، کە زۆربەیان کورد و بەلووچن،

٣١ کەسی بەهایی،

٤ کەسی مەسیحی و ٥ کەس لە کۆمەڵگای یارسان بوون.

هەروەها ٢١ کەس پەیڕەوی ڕەوتی یەمانی دەستبەسەر کراون.

قوربانیانی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانی کەم ١٧ هاووڵاتی لە ئێران بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین یا مادە تەقەمەنی. ئەم مینانە پاشماوەی شەڕی ئێران ئێراق و مینی چێندراو لە لایەن سوپای پاسداران بووە.

لەم ژمارەیە:

٩ کەس گیانیان لە دەست داوە.
٨ کەس بریندار یا تووشی بڕینەوەی ئەندامانی جەستە بوون.

وردەکاری قوربانیان:

٩ کەس لەوانە هاووڵاتیی کورد بوون.

زۆرترین قوربانیان بریتی لە ٩ حاڵەت کە کەسانی نیزامی بوون.

جیاکردنەوەی قوربانیانی مین بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای سنە: ٦ حاڵەت

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٤ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٣ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت
پارێزگای خووزستان و ئیلام: هەر یەک ١ حاڵەت
ئەم ئامارانە نیشاندەری بەردەوامی مەترسی مینی چێندراو بۆ هاووڵاتییانی ئێرانە، بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و کەم گەشەسەندووەکان.

دەرچوونی سزای قورس: سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچی بۆ سەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی میلادی، لانی کەم ١٥٥ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی و بە سزای قورس لەوانە سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچی مەحکووم کراون.

لانی کەم پێنج کەس لەمانە بریتی لە ٢ چالاکی گیلەک، ٢ چالاکی تورک و چالاکێکی کورد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.


سەرەڕای ئەمە:

لانی کەم ١٥٠ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سزای بەندکران، قامچێ و قەدەغەکردنی بەکار‌هێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە.

زیاتر لە ٣٠٪ی تۆمەتباران (٤٧ کەس) هاووڵاتییانی کورد و ٣٤ کەسیش لە کەمینە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکانی دیکە وەکوو تورک، بەلووچ و لوڕ بوون.

هەروەها، ٢٤ چالاکی مەزهەبیی بەهایی، ٨ چالاکی مەسیحی و ٥ چالاکی سوننەی کورد سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەم چالاکە سەرجەم بە:

٤٠١ ساڵ و ١١ مانگ بەندکران،

٢٠ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو،
و ٧ کەس لەوان سەرەڕای سزای بەندکران سەرجەم بە ٤٦٦ لێدانی قامچی مەحکووم کراون.

لە نێوان تۆمەتباران:
منداڵێک سزای بەندکران و ٤٢ ژن سزای سێدارە، بەندکران یان لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە کە ئەم ژمارەیە ٢٨٪ لە کۆی گشتی سزادراوان پێک دەهێنن.

کوژران و برینداربوونی لانی کەم ٢٢ کۆڵبەر


بە پێی ئامارەکانی هەنگاو، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانی کەم ١٠ کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و سوپای پاسداران بریندار کراون.
 

وردەکاری زۆرتر:

-منداڵێکی کۆڵبەر تەمەن ١٧ ساڵ لە سنووری نەوسوود بریندار کراوە.

-سەرجەم ٧٣٪ی کۆڵبەران (١٦ حاڵەت) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کورژاو یان بریندار بوون.
-ئەم ئامارە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کەمترین ئاماری قوربانیبوونی کۆڵبەران بووە.

جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی کوژراو بە پێی پارێزگاکان
 

پارێزگای سنە؛ ١٦ حاڵەت بریتی لە (٦ کوژراو و ١٠ بریندار)

پارێزگای کرماشان؛ ٥ حاڵەت بریتی لە (٤ کوژراو و ١ بریندار)

پارێزگای ئورمیە؛ ١ حاڵەت بریتی لە (١ بریندار)

تۆمارکردنی ١٠٨ حاڵەتی ژن کوژی لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥


بە پێی داتاکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ی میلای، کوشتنی لانی کەم ١٠٨ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. زیاتر لە ٨٠٪ی ئەم حاڵەتانە لە لایەن کەسانی نزیکی بنەماڵە وەکوو، هاوژین، باوک، برا، دەزگیران و ئەندامانی دیکەی بنەماڵە کوژراون. بیانووی زۆربەی ژنکوژییەکان ناکۆکی بنەماڵەیی ڕاگەیێندراوە.

ئەو پارێزگایانەی بە زۆرترین ئاماری ژنکوژی:

پارێزگای تاران: ١٦ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ١٣ حاڵەت

پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوراسانی ڕەزەوی، ئورمیە و فارس: هەر یەک ٦ حاڵەت

پارێزگاکانی ئەلبۆرز و مازەندەران: هەر یەک ٥ حاڵەت
 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە