ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ژۆئەنی ٢٠٢٥

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١١:٥٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢۵

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۱۲ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۱۴ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۱ حاڵەتی ژنکوژی و ۲ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە یەک کەسیان بە تۆمەتی ئەمنی و ئەندامێتی لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناوەکانیان بەو شێوە بووە؛

١- حەفیزە بەلووچزێهی خەڵکی سەراوان بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٢- تەلعەت سەبزی خەڵکی قوم بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم لەسێدارە درا.

دەستبەسەرکرانی ۱۲ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۱۲ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۷٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.

لانی کەم ۳ ژنی دەستبەسەرکراو لە چالاکانی بەهایی و ۲ ژن لە چالاکانی ژنی کورد بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

تاران: ۱ـ گلاره عەباسی ۲ـ موتەهەره گوونه‌یی ۳ـ دنیا حوسێنی (خەڵکی ئەهواز)

قائێمشەهر: ۴ـ نازەنین عابیدینی ۵ـ ڕاکێئۆل عەتاییان

سەبزەوار: ۶ـ مەعسوومه شەهنەواز ۷ـ فاتمه نوورادی

سەقز: ۸ـ ژیلا تەشەکۆری

دێلوڕان: ۹ـ ئەکرەم سەبزی

بیرجەند: ۱۰ـ سەبا محەممەدی

کرمان: ۱۱ـ بێهناز مەحجووبی

شیراز: ۱۲ـ نگین ئەمینزاده

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۱۴ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ۴۷ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لانی کەم ۱۱ ژنی بەهایی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

۱ـ زینا فەرەیدوونیان خەڵکی قوروه سزای ۴ ساڵ و ۱ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۲ـ نێدا موحیبی خەڵکی هەمەدان سزای ۷ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۳ـ فەریده ئەیووبی خەڵکی هەمەدان سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۴ـ زەڕیندۆخت ئەحەدزاده خەڵکی هەمەدان سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۵ـ ژاڵە ڕەزایی خەڵکی هەمەدان سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۶ـ عاتفه زاهیدی خەڵکی هەمەدان سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۷ـ نوورا ئەیووبی خەڵکی هەمەدان سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۸ـ نەغمه میرزائاغا خەڵکی کەرەج سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۹ـ مەهین سەعادەتمەند خەڵکی کەرەج سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۰ـ مەهشید سفیدی خەڵکی کەرەج سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۱ـ سەمەر مەسعوودی خەڵکی کەرەج سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۲ـ مۆنا زەکایی خەڵکی کەرەج سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۳ـ سۆهەیلا موتاعی خەڵکی دێولان سزای ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۴ـ ئێلهام موعین خەڵکی تاران سزای ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.

تۆمارکردنی ۱۱ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥ لانی کەم ۱۱ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۶ ژن لە لایەن هاوژینەکەیانەوە کوژراون و زانیارییەکی ورد لەسەر بکوژی ۵ ژن لەبەر دەستدا نییە.

لە سەرجەم ئەو ۱۱ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ۱ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەفەوە کوژراوە. هەروەها هۆکاری لانی کەم ۵ حاڵەتی ژنکوژی بە کێشەی خێزانییەوە ڕاگەیەندراوە. ۲ ژن بەهۆی دزی کوژراون و زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی ۳ ژن لەبەر دەستدا نییە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای تاران:  ۵ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی خوراسانی باکوور، ئەلبۆرز، ئیلام و مازەندەران: هەر یەک ۱ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە