ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٣:٢٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١۶ی سەرماوەزی ٢٧٢۵

 

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا لانی کەم ۲۲ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۵ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۲۰ حاڵەتی ژنکوژی و ۵ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. لانی کەم ۲ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ۳ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون و ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

١- زەهرا میرغەفاری خەڵکی هەشتڕوود، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لەسێدارە درا.

٢- شەوکەت وەیسی خەڵکی دامغان، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی دامغان لەسێدارە درا.

۳ـ قومری عەباسزادە خەڵکی ساری، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری لەسێدارە درا.

۴ـ مەهین ڕەحیمی خەڵکی مەشهەد، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.

۵ـ مینا سدووقی خەڵکی کەرەج، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

 

دەستبەسەرکرانی ۲۲ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۲۲ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۱۹٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.

لانی کەم ۸ ژنی بەهایی و ۲ ژنی کورد دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوە بووە؛

 

تاران: ۱ـ مەهسا ئەسەدوڵڵانژاد ۲ـ شیرین کەریمی ۳ـ هانیه شەریعەتی ڕوودپشتی ۴ـ ئافەرین مۆهاجێر ۵ـ پەریا مەرەندیز ۶ـ ستاره پەسیانی ۷ـ سەحەر دەوڵەتشایی

کەرەج: ۸ـ مۆنا زەکایی ۹ـ نەغمه میرزائاغا ۱۰ـ مەهین سەعادەتمەند ۱۱ـ مەهشید سفیدی ۱۲ـ سەمەر مەسعوودی

شاهین شار: ۱۳ـ مریەم عەباسی نیکوو ۱۴ـ بیتا شەفیعی

شیراز: ۱۵ـ لەیلا عیداڵەتی ۱۶ـ میلان خاجه‌یی

ئەهواز: ۱۷ـ مریەم زۆبەیدی

کامێران: ۱۸ـ شەیدا عەزیزی

مانه و سەمەلقان: ۱۹ـ ئەسمەر حەمیدی

سەبزەوار: ۲۰ـ شکوه سەدیدی

نوور: ۲۱ـ سۆهەیلا بیکدێلوو

گورگان: ۲۲ـ ئازاده یەقینی

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا لانی کەم ۵ چالاکی ژن سەرجەم سزای ۱۳ ساڵ و ۳ مانگ و ۱ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

۱ـ مەهنووش ڕەزایی خەڵکی شیراز سزای ۹ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۲ـ زێنەب مووسەوی دانیشتووی تاران سزای ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۳ـ شەیدا عەزیزی خەڵکی کامێران سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۴ـ نیروانا تۆربەتینژاد خەڵکی گورگان سزای ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۵ـ فائیزە حەسەنزادە خەڵکی کاشان سزای ۳ مانگ و ۱ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.

 

تۆمارکردنی ۲۰ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ لانی کەم ۲۰ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۷ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان، ۲ ژن لە لایەن براکەیان، ۲ ژن لە لایەن کوڕەکەیان، ۲ ژن لە لایەن زاوا، ۲ ژن لە لایەن مێردی خوشکیان و ۱ ژن لە لایەن خەسوویەوە کوژراون و سەبارەت بە پەیوەندیی چوار بکوژ لەگەڵ قوربانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە سەرجەم ئەو ۲۰ حاڵەت ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم ۱ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس تۆمار کراوە. هەروەها ۱۳ ژن بەهۆی کێشەی خێزانی، ۱ ژن بەهۆی داوای جودابوونەوە، ۲ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و ۴ ژن بە هۆی دزی و بابەتی ئابوورییەوە کوژراون.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای ئورمیە: ۶ حاڵەت

پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و تاران: هەر یەک ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی کرمان و گیلان: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، هۆرمۆزگان، یەزد و فارس: هەر یەک ۱ حاڵەت

 

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندیی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە