ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
هەنگاو؛ هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢۵
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا لانیکەم ۱۹ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۸ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۹ حاڵەتی ژنکوژی و ۸ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. لانی کەم ۶ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ۲ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون و ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛
١- زەینەب خودابەندە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەھان لەسێدارە درا.
٢- ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی نەهاوەند لەسێدارە درا.
۳ـ کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.
۴ـ سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەھان لەسێدارە درا.
۵ـ نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم لەسێدارە درا.
۶ـ مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت لەسێدارە درا.
۷ـ میترا زەمانی خەڵکی خوڕەمئاوا، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا لەسێدارە درا.
۸ـ کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.
دەستبەسەرکرانی ۱۹ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۱۹ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۲۲٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.
لانیکەم ۱۲ ژنی بەهایی و ۴ ژنی کورد دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوە بووە؛
هەمەدان: ۱ـ نێدا موحیبی ۲ـ فەریده ئەیووبی ۳ـ زەڕیندۆخت ئەحەدزاده ۴ـ ژاڵە ڕەزایی ۵ـ عاتفه زاهیدی ۶ـ نوورا ئەیووبی
شیراز: ۷ـ کەوسەر دێهبانزاده ۸ـ نگار میساقیان ۹ـ رۆیا سابت
مەهاباد: ۱۰ـ گزینگ قازی ۱۱ـ سیروان شاوڵە
کامێران: ۱۲ـ نووشین ڕەزایی ۱۳ـ زیلان کەمانگەر
ئورمیه: ۱۴ـ ژینووس محەممەدنژاد
بابۆل: ۱۵ـ سۆنیا تەودیعی
تاران: ۱۶ـ هێنگامه شەریفی
ڕەشت: ۱۷ـ زەهرا شەهباز تەبەری
سمنان: ۱۸ـ ئەرمەغان عینایەتی
یاسووج: ۱۹ـ ستاره زەرغامی
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا لانی کەم ۲ چالاکی ژن بەناوەکانی نەسیمە ئیسلام زێهی و زەهرا شەهباز تەبەری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و ۶ چالاکی دیکە لەوان سێ هاووڵاتیی بیانی سەرجەم سزای ۶۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای سێدارە یان بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛
۱ـ نەسیمە ئیسلام زێهی، چالاکی مەزهەبیی بەلووچ سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
۲ـ ئێلهام ساڵحی خەڵکی شیراز سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ ناهید بێهرووزی خەڵکی کەرەج سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۴ـ سیسیل کلێر هاووڵاتیی خەڵکی فەرەنسا سزای ۳۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۵ـ زەهرا شەهباز تەبەری، چالاکی گیلەکی خەڵکی ڕەشت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
۶ـ ڕۆژدا سەعدوون، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۷ـ سەفیە تۆرسوو، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۸ـ فرووغ خوسرەوی خەڵکی بێهبەهان سزای ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.
تۆمارکردنی ۹ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لانی کەم ۹ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۴ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان و ۵ ژن لە لایەن کوڕ، باوک، خەزوور، جیران و مێردی خوشکیانەوە کوژراون.
لە سەرجەم ئەو ۹ حاڵەت ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم ۲ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس تۆمار کراوە. هەروەها ۴ ژن بەهۆی کێشەی خێزانی، ۱ ژن بەهۆی داوای جودابوونەوە، ۱ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و ۱ ژن بە هۆکاری نادیارەوە کوژراوە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای تاران: ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان و سنە: هەر یەک ۱ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندیی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.