سنە؛ قانع خاتری، چالاکی مەدەنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواسترایەوە

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٠:٢٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

قانع خاتری، چالاکی مەدەنی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای هەشت مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی دووشەممە ۱۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۷ی جولای ۲۰۲۵)، قانع خاتری، هاووڵاتیی تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی شاری سنە بە مەبەستی تێپەرکردنی سزای ۸ مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

قانع خاتری پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفا عەزیزی بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە سزای ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو پێشتر، پێنجشەممە ۲ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴، دوای تێپەڕکردنی ۱۵ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترابۆوە.

قانع خاتری پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۸ی بانەمەڕی ۲۷۲۱ لەگەڵ ۶ چالاکی دیکە لە ئەندامانی کەمپەینی «ژیانەوەی کوردستان» لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پێنجشەممە ۶ی جۆزەردان دوای ۴۰ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ ۶ چالاکی مەدەنی دیکە مانگی بانەمەڕی ۲۷۲۲ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران» هەر یەک سزای ۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە سزای بەندکرانی قانع خاتری دوای تەسلیم بە ڕای دادگا بۆ ۱۸ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و ۱۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۲ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە