کەرەج؛ ڕەزا زەنگەنە، لاوی خەڵکی مەلایەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ «مووساد» سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

٦ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٤:٣١

هەنگاو؛ هەینی ۶ی خەرمانانی ۲۷۲۶

ڕەزا زەنگەنە، لاوی خەڵکی شاری مەلایەر و دانیشتووی شاری مەلاردی پارێزگای ئەلبۆرز کە ناوەڕاستی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "مووساد" و "موحارەبە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا زەنگەنە، لاوی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "کلیل‌ئاوا"ی مەلایەر و دانیشتووی شاری مەلارد، لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەبزەواری» و دادوەر «نەریمانی» بە تۆمەتگەلێکی وەکوو "هاوکاری لەگەڵ مووساد" و "موحارەبە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

دۆسیەی ئەم بەندکراوە کە ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەند کراوە، بە دیاریکردنی مۆڵەتێکی ۱۲ ڕۆژە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردراوە.

ڕەزا زەنگەنە تازە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و تێکنیسیەن/چاککەرەوەی ئۆتۆمبێل لە مەلارد بووە. بە وتەی نزیکانی ناوبراو، بنەمای تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مووساد تەنیا پەیوەندیدار بە چالاکیی پیشەیی ئەو لە بواری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە دەرەکییەکان و سەفەرە کارییەکانی پێشووی بۆ دەرەوەی وڵات بووە.

ڕەزا زەنگەنە ڕۆژی هەینی ۱۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۶ (۳ی ئەپریلی ۲۰۲۶) بەدوای هەڵکوتانی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و پاشان بۆ بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕەزا زەنگەنە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی لەم ماوەیەدا بە مەبەستی بێدەنگ بوون و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەژێر گوشاری سەختی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە