تاران؛ ئەشکان مالیکی، مێهرداد محەممەدی‌نیا و ئارمان مەعریفەتی سێ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٢:٠٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

سێ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە تاران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا هەر هعردوو خەڵکی قوروە و ئارمان مەعریفەتی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە تاران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی، مێهرداد محەممەدینیا و ئارمان مەعریفەتی تەمەن ٣٨ ساڵ لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «موحارەبە» لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئارمان مەعریفەتی لە بەندیخانەی فەشافوویە (تارانی گەورە) و ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگیراون و سزاکانیان لەم دوایییە لە بەندیخانەدا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە  ناڕازییە لە کاتی دادگاییکردندا لە مافی بوونی پارێزەری هەڵبژێردراو و ستانداردەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە بێبەش کراون و سزای سێدارە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بەسەریاندا سەپاوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم سێ گەنجە لە داهاتوویەکی نزیکدا،  سەپاندنی سزای مەرگ لەسەر بنەمای سیناریۆسازییە ئەمنییەکان و دانپێدانانە تەلەڤیزیۆنییەکان بە نموونەیەکی بەرچاوی کوشتنی حکوومەتی دەزانێت. هەنگاو داواکاری دەستێوەردانی بەپەلە و بێمەرجی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتییە بۆ ڕاگرتنی ئامێری سێدارە لە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نامرۆڤانانە.

پێشتر میدیای دەزگای دادوەری (میزان) بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک لە دانپێدانانە زۆرەملێ و لەژێر گوشارەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە، هەواڵی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگایی ئەوانی دابوو. بەپێی تۆمەتخواستی دەرکراو، ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا بە '' بە کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕژێمی ئیسرائیل و دەوڵەت و گرووپە دوژمنەکان دژی ئاسایشی وڵات بە توانای کوشتن و وێرانکاری» و «موحارەبە» تۆمەتبار کرابوون.

تۆمەتباری ڕیزی سێیەم، ئارمان مەعریفەتیش سەرەتا بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی» ڕووبەڕوو بوو، بەڵام لە کاتی دادگاییکردندا، دادوەر سەڵەواتی تۆمەتەکەی بۆ «بەشداری لە هەنگاوە ئۆپەراسیۆنییەکان دژی ئاسایشی وڵات، چوونە ناو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی وێرانکاری و بەشداری لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حەوزەی عیلمیە» گۆڕی و کردییە بنەمای دەرکردنی سزای سێدارە.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی وێرانکاری و ئاگرتێبەردان لە «مزگەوتی جەعفەری» و «حەوزەی عیلمیەی ئیمام هادی» لە کۆی نەسر (گیشا)ی تاران و وێرانکردنی کەلوپەلی گشتی لە شەوی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی خستووەتە پاڵ ئەم سێ گەنجە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە