دەڕەشار؛ سزای نامرۆڤانەی لێدانی قامچی ئاڕمان شادیوەند، چالاکی بواری ژینگەپارێزی جێبەجێ کرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱٩ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سزای نامرۆڤانەی لێدانی ۳۰ قامچی بۆ ئاڕمان شادیوەند، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی خانەی دادی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ۱۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۸ی جولای ۲۰۲۵)، سزای لێدانی قامچی ئاڕمان شادیوەند، هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی خانەی دادی دەڕەشار جێبەجێ کرا.
ئاڕمان شادیوەند ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴، لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی دووی دەڕەشار بە تۆمەتی "بێڕێزی بە سەرۆک کۆمار (ئیبراهیم ڕەئیسی)" سزای لێدانی ۳۰ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرا و لە تۆمەتی بێڕێزی بە حەسەن نەسڕوڵڵا بێبەری کرا.
ئاڕمان شادیوەند لە ڕێکەوتی ۹ی بەفرانباری ۲۷۲۴، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر داریووش پیری بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" سزای ۱ ساڵ و ۴ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە مانگی بانەمەڕی ئەوساڵ لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.
ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە دوای دەرکرانی داوای تۆمەتبارکردنی لە لایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی دەڕەشار، لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەی دادوەریدا ڕووبەڕوو کرایەوە کە لە دوو بەشی جیاوازدا بۆ دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی ۲ی ئەو شارە نێردرا. لە ڕەوتی ڕاگەیشتنی دادوەریدا، دوو ڕاگەیەندراوەی فەرمی بە مەبەستی ئامادەبوونی ناوبراو لە دانیشتنەکانی دادگادا ڕاگەیەندرا کە ئاڕمان شادیوەند لە یەکیاندا ئامادە بوو.
ئارمان شادیوەند لە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ لقی ٢ی دادیاری خانەی دادی گشتی و شۆڕشی دەڕەشار بانگ و دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ۵ی بەفرانباری ۲۷۲۴ بە دانانی بارمتەی ۷۰۰ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ماهپارەی دەڕەشار ئازاد کرا.