ئیلام؛ کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو سزای سێزدە مانگ بەندکران و لێدانی ۴۰ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرا

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٣:٠٦

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری دێلوڕان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێزدە مانگ و شازدە ڕۆژ بەندکران و لێدانی ۴۰ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی شاری دێلوڕان لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» سزای سێزدە مانگ و شازدە ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بێڕێزی بە هێزە حکومەتییەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان» سزای لێدانی ۴۰ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتریش لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری دێلوڕان بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەڕکردنی ۱۴ مانگ لە ماوەی سزاکەی، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۳ی مەی ۲۰۲۵) بە ڕاگرتنی سزاکەی بەشێوەی هەڵپەسێردراو لە بەندیخانەی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام ئازاد کرا.

کیانووش چراغی تا ئێستا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ئەو هاووڵاتییە جاری یەکەم ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە بەرەبەرەی ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (۲۴ی ژۆئەنی ٢٠٢٥)، لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەکرەم سەبزی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کران.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە