جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئومید شوکریپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام بەناوی ئومید شوکریپوور، خەڵکی شاری هۆلیلانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۹ی جولای ۲۰۲۵)، ئومید شوکریپوور، هاووڵاتیی ۴۲ ساڵ و خەڵکی گوندی زەردەڵان سەر بە شاری هەلیلان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە شەش ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.