بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد، دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی لە شارەکانی شنۆ، بۆکان و مەریوان

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٣:٢٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

جەماڵ حوسێننژاد و کاوە خاکی نەهاد، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، شوانە شێربەیگی و محەممەد مووسازادە خەڵکی شاری بۆکان و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بەناوی سیاوەش کەسرایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۹ی جولای ۲۰۲۵)، کاوە خاکی نەهاد، تەمەن ۵۰ ساڵ، خەڵکی گوندی "سۆفیان" و دانیشتووی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی دووشەممە ۱۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی "سەرگیز"ی سەر بە شاری شنۆ بەناوی جەمال حوسێننژاد، و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی شوانە شێربەیگی لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کران.

پێشتر، ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲ی جولای ۲۰۲۵)، محەممەد مووسازادە خەڵکی شاری بۆکان لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

پێنجشەممە ۱۲ی پووشپەڕ، سیاوەش کەسرایی تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکرانیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناڕوونە و زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە