بۆكان؛ جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ئیلیا خەلیفەزادە، لاوی تەمە ن ٢٠ ساڵ لە پێش چاوی خەڵک

هەنگاو؛ شەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ئیلیا خەلیفەزادە، هاووڵاتیی خەڵكی سەقز كە بە تۆمەتی دەستدێژی سێكسی لە دۆسیەی نیان جوبرەئیلپوور (چەلەبیان)، منداڵی تەمەن شەش ساڵی خەڵكی بۆكان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە پێش چاوی خەڵک، لە بەرامبەر بەندیخانەی ناوەندیی بۆكان جێبەجێ كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كاتژمێر ٣:٣٠ی سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٢ی جوڵای ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ئیلیا خەلیفەزادە، بەندكراوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵكی سەقز لە پێش چاوی خەڵک لە بۆكان جێبەجێ كرا.
ئیلیا خەلیفەزادە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر نیان چەلەبیان، منداڵی تەمەن شەش ساڵی خەڵكی بۆكان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە كە، سێ كەسی دیكە لەو دۆسیەدا، دەستدرێژی و ئەشكەنجەی ئەم منداڵە بە ناوەكانی كەیوان چەلەبیان، باوكی نیان، شەهناز مەحموودی خەڵكی دیواندەرە و ئەسرین خەلیفەزادە خەڵكی سەقز هەر یەك سزای ١٥ ساڵ بەندكرانیان بەسەردا سەپێندراوە.