دەستبەسەرکرانی ئیسماعیل چووکهلی و زوبێر مەحموودی لە شارەکانی بۆکان و پیرانشار

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ئیسماعیل چووکهلی خەڵکی بۆکان و زوبەیر مەحموودی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی جولای ۲۰۲۵)، ئیسماعیل چووکهلی هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە بۆکان گواسترایەوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۰ی جولای)، زوبەیر مەحموودی، خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.