دەستبەسەركرانی فریا چاوشین، محەممەد ئەڵڵاڕەزایی و زانیار محەممەدنژاد لە بۆكان، دێولان و كامێران

هەنگاو؛ یەكشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
سێ هاووڵاتیی كورد بە ناوەكانی فریا چاوشین، محەممەد ئەڵڵاڕەزایی و زانیار محەممەدنژاد لە شارەكانی بۆكان، دێولان و كامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جوڵای ٢٠٢٥)، فریا چاوشین، تەمە ٢٩ ساڵ و خەڵكی گوندی “داشەبەند”ی سەر بە بۆكان و محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵكی سنە و دانیشتووی دێولان دەستبەسەر كران.
دەستبەسەركرانی فریا چاوشین لە شوێنی كارەكەی لە یەكێك لە خواردنگەكانی شاری بۆكان و دەستبەسەركرانی محەممەد ئەڵڵاڕەزایی لە جادەی سنە بۆ دێولان بووە.
لەم نێوانەدا، فریا چاوشینی پێشتریش بە هۆی چالاكییەكانی خۆی دەستبەسەر و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە دۆسیەسازی بۆ كرابوو.
هەروەها، كاتژمێر دەی پێش نیمەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ، زانیار محەممەدنژاد خەڵكی كامێران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی بنەماڵەییەكەی دەستبەسەر كرا.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.