سنە؛ دەستبەسەركرانی بنیامین ڕەحیم پوور بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی

هەنگاو؛ یەكشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
بنیامین ڕەحیم پوور، بەندكراوی سیاسیی پێشوو كوردی خەڵكی سنە، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای یەك ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٣ی جوڵای ٢٠٢٥)، بنیامین ڕەحیم پوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی گوندی “ئەوێهەنگ” و دانیشتووی سنە، خێزاندار و باوكی دوو منداڵ، دوای بانگكران و چوونی بۆ لقی چواری ناوەندی جێبەجێكرانی سزاكان لە سنە، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
بنیامین ڕەحیم پوور، پێشتر لە ڕێكەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، لە لایەن دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “چالاكی دژی حكوومەت” و “چالاكی لە بەرژەوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای یەك ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندابوو.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ شوێنی كارەكەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری و بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا “دەستبەسەرگەی شەهرامفەر”ی سنە گواسترایەوە.
ئەم هاووڵاتێیە لە كۆتاییدا ٢٠ی ڕێبەندانی ئەو ساڵە، دوای نۆزدە ڕۆژ دەستبەسەركران لە بەندی تاكەكەسی ئیتلاعاتی سوپا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بەشێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی ئازاد كرابوو.
شایانی باسە كە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەش كرابوو.
ناوبراو پێشتر هەر بەم تۆمەتە لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە سزای بەندكران مەحكووم و ساڵی ٢٧٢٢ دوای تەواوبوونی ماوەی سزاكەی لە بەندیخانە ئازاد كرابوو.