سنه؛ دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
عەلی ئەحمەدی، دیار ئەحمەدی، عابید ئەحمەدی و ئەیووب ئەحمەدی، چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە کە لە ئەندامانی یەک بنەماڵەن لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. شایەنی باسە کە سێ کەس لەو چوار هاووڵاتییە پێشتریش دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۴ی جولای ۲۰۲۵)، ئەیووب ئەحمەدی تەمەن ۲۹ ساڵ، عابید ئەحمەدی، عەلی ئەحمەدی و دیار ئەحمەدی، چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ئارەنان"ی سەر بە شاری سنە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، دەستبەسەرکرانی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە کە ئەندامی یەک بنەماڵەن، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
شایەنی باسە کە، ئەیووب ئەحمەدی، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۳ (۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳)، و عەلی ئەحمەدی و دیار ئەحمەدی لە ڕێکەوتی ۲۴ی خەرمانان (۱۵ی سێپتەمبەر)ی هەمان ساڵ لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک ئازاد کرابوون.