بۆکان؛ سمکۆ مەعڕووفی، بەندکراوی سیاسی پێشوو جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٣:٠٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

سمکۆ مەعڕووفی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۳۰ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سمکۆ مەعڕووفی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سمکۆ مەعڕووفی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چەندین ئۆتۆمبێل ماڵی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییەیان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بۆکان گەمارۆ دابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

سمکۆ مەعڕووفی ڕۆژی شەممە ۱۶ی ڕەشەممەی ۲۷۲۰ (۶ی مارسی ۲۰۲۱) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ۲۵ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی خاکەلێوەی ۲۷۲۱، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لایەن دادوەری لقی ۱۰۴ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی ڕۆشتنەوەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ڕۆژی چوارشەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ۲۷۲۱ (۱۰ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱)، بەمەبەستی تێپەرکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە و دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ناوبراو ساڵی ۲۷۱۹ (۲۰۱۹) لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونە ناڕەزاییەکانی خەڵکی ئەو شارە سەبارەت بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سمکۆ مەعڕووفی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ (۳ی فێبریوەریی ۲۰۲۰) بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و مانگی سەرماوەزی ۲۷۲۰ (پاییزی ۲۰۲۰) بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە