بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی سەباح ئەمینیان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی سەباح ئەمینیان (کەماڵ)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۳ی جولای ۲۰۲۵)، سەباح ئەمینیان، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.