بجنۆرد؛ دەستبەسەرکرانی ئاراز ساڵحی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکرانی کچە تەمەن ١٤ ساڵەکەی

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٣٤

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

له دوای دیکلەمەخوێندنەوەی کەژاڵ ساڵحی، قوتابیی تەمەن ۱۴ ساڵ و خەڵکی بجنۆرد سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور بە زمانی کوردی کورمانجی لە وەسفی کوردستان لە چەند ڕێورەسمی کولتووریدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دایک و باوکی ئەو مێرمنداڵە و دوای ئەوەی نەیانتوانیوە کەژاڵ دەستبەسەر بکەن ئاراز ساڵحی، باوکی کەژاڵیان دەستبەسەر کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ۲۰۲۵)، ئاراز ساڵحی، باوکی کەژاڵ ساڵحی تەمەن ۱۴ ساڵ و خەڵکی گوندی ناوەی سەر بە شاری بجنۆرد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکرانی کەژاڵ ساڵحی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە بەڵام پاش ئەوەی نەیانتوانیوە کەژاڵ دەستبەسەر بکەن باوکیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو بنەماڵەیە، دەستیان بەسەر سەرجەم مۆبایل و کەرەستە ئەلیکتڕۆنییەکانیاندا گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی ئەنجامی پرۆسەی لێپرسینەوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

کەژاڵ ساڵحی، قوتابی تەمەن ۱۴ ساڵی کورد، لە چەندین ڕێوڕەسمی کولتووریدا دیکلەمەی بە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕی لە وەسفی کوردستاندا خوێندبۆوە کە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لە نێوان بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمانە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە