سەبزەوار؛ دەستبەسەرکردنی موختار کەلمیشی و ئەحمەد کەلمیشی دوو برای کورد و لە نزیکانی خوسرەو عەلیکوردی
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
موختار کەلمیشی و ئەحمەد کەلمیشی، دوو برای کورد و خەڵکی سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و لە نزیکانی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادوەری و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا؛ لەلایەن هێزە حوکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر مەزاری ئەم پارێزەرە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، موختار کەلمیشی و ئەحمەد کەلمیشی، کوڕەخاڵەکانی خوسرەو عەلیکوردی و خەڵکی سەبزەوار دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو برایە دوای ئامادەبوونیان لەسەر مەزاری خوسرەو عەلیکوردی دەستبەسەر کراون.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیاریی ورد سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەری ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.