دەستبەسەرکرانی جەواد عەلیکوردی، برای خسرەو عەلیکوردی دوای ئاگادارکردنەوەی حکومەت سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دەقێکی نهێنی
هەنگاو؛ هەینی ۲۱ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
جەواد عەلیکوردی، برای خسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی خۆی لەدەست دا، هەندێک پاش ئەوەی هۆشداری بە حکومەت دا کە لە ئەگەری ئازادنەکردنی دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی حەوتەی براکەیدا "دەقێکی نهێنی" بڵاو دەکاتەوە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ۲۱ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۲ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، جەواد عەلیکوردی، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا.
ناوبراو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک داوای ئازادکردنی چالاکان و کەسایەتییە دەستبەسەرکراوەکان لە ڕێوڕەسمی حەوتەی براکەی کردبوو؛ و هۆشداریی بە ناوەندە حکومەتییەکان دابوو کە لە ئەگەری ئازادنەکردنی ئەو هاووڵاتییانەدا ئەوەی بە "دەقێکی نهێنی" ناوی لێ بردووە، بڵاو دەکاتەوە.
ئاماژەی جەواد عەلیکوردی بە لانی کەم ۱۶ کەس لەوان نەرگس محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبێل، دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلیکوردی و هەروەها دوو ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان و ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوویە کە ڕۆژی هەینی لە ڕێوڕەسمی براکەی لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کران.
بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی هێرشی هێزە حکومەتییەکاندا نەرگس محەممەدی بەندکراوی سیاسیی پێشوو و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، پووران نازمی، عالیە موتەلیبزادە، سپیدە قولیان، هەستی ئەمیری و ئەبۆلفەزل ئەبری بەندکراوانی سیاسی پێشوو، حەبیب فەدایی، ئەسەدوڵڵا فەخیمی و ئەکبەر ئەمینی لە چالاکانی سیاسی، عەلی ئادینەزادە و ڕەزا ئادینەزادە لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دادگای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها داوود عەلیکوردی و ئەحمەد عەلیکوردی هاووڵاتییانی کورد و لە ئەندامانی بنەماڵەی خسرەو عەلیکوردی دەستبەسەر کراون.
خسرەو عەلیکوردی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ سازکردنی دۆسیەی ئەمنی و گوشاری ئەمنی- دادوەریدا ڕووبەڕوو کرابۆوە ئێوارەی هەینی ۱۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۵ی دیسەمبەری ۲۰۲۵) بەشێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەی کارەکەی خۆیدا گیانی لەدەست دا.
لەحاڵێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پارێزەرەیان بە وەستانی دڵ ڕاگەیاندووە؛ بەڵام بەڵگە و وتەکانی کەسوکاری ناوبراو و پارێزەرەکانی لەسەر خوێنڕێژیی نایاسایی و ئەگەری برینداربوونی فیزیکی، گومانی جددیی لەسەر بانگەشەی حکومەت لەسەر شێوازی مردنی ناوبراو ساز کردووە.