دەستبەسەركرانی فواد مەحموودی و كامران ئەمینی لە سنە و بۆكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
كامران ئەمینی، هاووڵاتیی كوردی خەڵكی بۆكان و فواد مەحموودی، خەڵكی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٤ی جوڵای ٢٠٢٥)، فواد مەحموودی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵكی گوندی تەوریوەر و دانیشتووی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.
هەروەها ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥، كامران ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵكی بۆكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرابوو.
شایانی باسە كە، دەستبەسەركرانی فواد مەحموودی و كامران ئەمینی بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری بووە.
تا ئێستا زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێندراوەكان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.