کامران ساختمانگەر سزای سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی سنە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی بڕی پارەی سی ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی بڕی پارەی سی ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ۲۰۲۵) بەو هاووڵاتییە ڕاگەیێندراوە.
دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە و دانیشتنی لێپرسینەوەی ناوبراو لە ڕێکەوتی ۲۸ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ لە لقی دووی لێپرسینەوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو.
کامران ساختمانگەر لەو دانیشتنەدا لە تۆمەتەکانی "ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵە"، "پێکهێنانی باند و گرووپ" و "سووکایەتی بە خامنەیی" بێبەری کرا و دۆسیەکەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" بۆ دادگا نێردرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۴ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، لە شەقامی جامی سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و لە ئاکامدا ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۴ (۱۰ی مارسی ۲۰۲۵)، بەدانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرا.
کامران ساختمانگەر پێشتر، ڕۆژی دووشەممە ۶ی سەرماوەزی ۲۷۲۳، دوای بانگکران و سەردانی لقی چواری جێبەجێکردنی سزاکانی سنە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێبژاردنی پارەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
ناوبراو لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ۳ مانگ بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزا لە ئاکامدا بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا و بەگشتی سزای پێبژاردنی ۳۴ ملیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕێکەوتی ۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی شەممە ۶ی ڕەشەممە، پاش ۱۴۹ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.
ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە کۆمەڵە" و "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و پاش کەمکردنەوەی سزاکەی بۆ ۲۸ مانگ، لە ڕێکەوتی ۱ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.