ئاودانان؛ دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی چوار هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو منداڵ لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
ئەمیرعەلی حەیدەری و حوسێن حاجیان، هاووڵاتییانی گەنجی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، و دوو منداڵی ١٧ ساڵەی خەڵکی ئەم شارە بە ناوەکانی ئیلما ئیمانی و سوهەیل پارکرزان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ئیلما ئیمانی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی هەزارانیی ئاودانان و سوهەیل پارکرزان، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی حەوت کانیی سەر بەم شارستانە و هەروەها ئەمیرعەلی حەیدەری و حوسێن حاجیان، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئاودانان، دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەمیرعەلی حەیدەری، حوسێن حاجیان، ئیلما ئیمانی و سوهەیل پارکرزان، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە پەڕەیەکی دادوەری و لەگەڵ توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە.
ئەم هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکردن لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و هەتا ئێستا زانیاریی ورد سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.