جێبەجێکرانی سزای سێدارەی کیانووش خەسرەوی سیاەبیدی و قاسم عەزیزی لە بەندیخانەکانی کرماشان و بیرجەند

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٣٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی کیانووش خەسرەوی سیاەبیدی، خەڵکی کرماشان کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی کیانووش خەسرەوی سیاەبیدی خەڵکی گوندی سیاەبیدی سەرووی سەر بە شاری کرماشان لە بەندیخانەی دیزڵئاوا جێبەجێ کرا.

ئەو بەندکراوە ۶ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۴ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی قاسم عەزیزی لە بەندیخانەی بیرجەند جێبەجێ کرا.

ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە