دەستبەسەرکرانی یەدوڵڵا عەلەمی، سەرۆکی یەکەی نانەواخانەکانی شاری سەقز و لانی کەم ۱۰ خاوەن نانەوای دیکە دوای مانگرتنیان

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
یەدوڵڵا عەلەمی، سەرۆکی یەکەی نانەواخانەکانی شاری سەقز و لانی کەم ۱۰ خاوەن نانەوای دیکە لەو شارە لە دوای مانگرتنیان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲ی جولای ۲۰۲۵)، یەدوڵڵا عەلەمی، سەرۆکی یەکەی نانەواخانەکانی شاری سەقز و لانی کەم دە خاوەن نانەواخانەی دیکە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو خاوەن نانەوایانە دوای مانگرتنی گشتیی ئەمڕۆیان، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە.
ئەو خاوەن نانەواخانانە ماوەیەک پێشتر داوایان لە ئوستانداری کردبوو کە نرخی نان بەهۆی ڕۆشتنەسەرەوەی نرخەکانی دیکە زیاتر بکەن؛ بەڵام هیچ کردەوەیەک لەو بارەیەدا ئەنجام نەدراوە و لە ئاکامدا ڕۆژی چوارشەممە مانیان گرتووە.