بۆکان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئیبراهیم جانەفەرد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ هەینی ۲۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ئیبراهیم جانەفەرد، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی جولای ۲۰۲۵)، ئیبراهیم جانەفەرد، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی گوندی «ڕەحیم خان»ی سەر بە شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر، ڕۆژی دووشەممە ۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۳ (۲۴ی ئەپریلی ۲۰۲۳)، لە لایەن لقی ۱۱۰ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئیبراهیم جانەفەرد کە پێشتر ئەندامی یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، دوای جودابوونەوە لەو حیزبە و گەڕانەوەی بۆ زێدەکەی، لە ساڵی ۲۷۲۲دا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.