دێولان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی چنوور عەباسی و هاوژینەکەی

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
چنوور عەباسی و هاوژینەکەی، پەیام سەرمەستی لە لایەن پیاوێکەوە لە شاری دێولان بە بەکارھێنانی چەکی گەرم و چەقۆ کوژران. هۆکاری کوژرانی ئەو دوو کەسە بە جودا نەبوونەوەی چنوور عەباسی لە هاوژینەکەی و هاوسەرگیری لەگەڵ بکوژەکەیان ڕاگەیەندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۷ی جولای ۲۰۲۵)، پیاوێک لە شاری دێولان، بە چەندین زەربەی چەقۆ و بەکارھێنانی چەکی گەرم چنوور عەباسی و هاوژینەکەی، پەیام سەرمەستی لە دوکانی قوماش فرۆشییەکەیان لە شەقامی ئیستقلالی ئەو شارە کوشتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە چنوور عەباسی بەهۆی بەرکەوتنی چەندین زەربەی چەقۆ بە سەختی بریندار کرابوو و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە شاری سنە گیانی خۆی لەدەست دا بەڵام هاوژینەکەی لە هەمان شوێندا گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بکوژ کە خوازیاری جیابوونەوەی چنوور عەباسی لە هاوژینەکەی خۆی و هاوسەرگیری لەگەڵ ناوبراوی هەبووە لە وەڵامی قەبوڵنەکردنی ئەو داوایەی، چنوور عەباسی و هاوژینەکەی کوشتووە.
چنوور عەباسی و پەیام سەرمەستی دایک و باوکی دوو منداڵی بچووک بوون و کچە تەمەن حەوت ساڵانەکەیان لە کاتی کوژرانی دایک و باوکی لە شوێنی ڕووداوەکەدا بووە و شایەتحاڵی کوژرانیان بووە.
بکوژ دوای ئەو ڕووداوە بەهۆی ڕێگریی خەڵک لە هەڵاتنی نەیتوانیوە شوێنەکە بەجێ بهێڵێت و دەستبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە تەرمی چنوور عەباسی ڕۆژی شەممە ۲۸ی پووشپەڕ لە زێدەکەی، گوندی عەلی ئابادی مۆشیری سەر بە شاری دێولان بە خاک سپێردراوە.