سەقز؛ دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی بریتی لە پارێزەر و دێهیاری گوندێک بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینیان سەبارەت بە چالاکییە زیانبارەکانی کانگای زێڕی "مێرگە نەخشینە"

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٩:٥٥

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕین بە چالاکییە پڕمەترسییەکانی کانگای زێڕی گوندی مێرگە نەخشینە سەر بە شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بە فەرمانی دادیاری سەقز دەستبەسەر کران. ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لەتیف مورادی، دێهیاری گوند، موزەفەر مورادی، پارێزەر و براکەی، بێهزاد مورادی ئاشکرا کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی جولای ۲۰۲۵)، لەتیف مورادی (دێهیار)، موزەفەر مورادی (پارێزەر) و براکەی بێهزاد مورادی، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "مێرگە نەخشینە"ی سەر بە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای "میرەدێ" دەستبەسەر کران. دوو هاووڵاتیی دیکەش دەستبەسەر کراون کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان بەدواداچوون دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەناوبردنی باخەکان، ڕێگاوبان و چیاکانی دەوروبەری گوندی مێرگە نەخشینە لە لایەن کۆمپانی دەرهێنانی کانگای زێڕەوە دەستبەسەر کراون.

پێشتر کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی کوردستان بە واژۆکردنی نامەیەک داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی چالاکییەکانی کانگای زێڕی سەقزیان بەهۆی مەترسییە ژینگەییەکانی کردبوو. هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەمپەینێک لە لایەن خەڵک بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کانگا و کارخانەی زێڕی سەقز پێکهاتووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە