دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەردەشت، سنە، دێولان و مهاباد
هەنگاو، یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥
حوسێن نیک سرێشت و کوڕەکەی بەناوی سینا نیک سرێشت خەڵکی مەهاباد، شەهرزاد ڕەزایی و فواد عینایەتی، چالاکانی مەدەنیی خەڵکی سنە، عوسمان موزەییەن، پارێزەری دادگوستەری خەڵکی سەردەشت و خەبات ئەمیری، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٧ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، حوسێن نیک سرێشت، تەمەن ٥٥ ساڵ و سینا نیک سێرێشت ، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "ترشەکان"ی مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، فواد عینایەتی، چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەهرزاد ڕەزایی، چالاکی مافی ژنان، خەبات ئەمیری، تەمەن ٤٠ ساڵ و باوکی منداڵێک و عوسمان موزەییەن، پارێزەری دادگوستەری کە وەکالەتی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی کوردی لە ئەستۆ بووە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کرا.
شایانی باسە خەبات ئەمیری پێشتریش لانی کەم دوو جار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە دۆسیەیەکدا سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.ناوبراو دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی ئازاد کرابوو.