کەنگەڤەر؛ کوژرانی بەهمەن کازمی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئۆتۆمبێلێک لە خاڵێکی پشکنینی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهمەن کازمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کۆیەشت کوژرا. ناوبراو شانزدەیەمین هاووڵاتییە کە لە دوای ئاگربەستسی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەکوژرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی جولای ۲۰۲۵)، بەهمەن کازمی ناسراو بە "بەهمەن لوڕ"، تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان لە خاڵی پشکنینی شاری کەنگەڤەر کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهمەن کازمی لەحاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلەکەی لە خاڵێکی پشکنین تێپەڕ دەبوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە و گیانی لەدەست داوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل لانی کەم ۱۶ هاووڵاتی بریتی لە ۵ ژن و یەک منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.