لەتیف یەعقووبی، كۆڵبەری خەڵكی سەڵماس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

هەنگاو؛ سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
لەتیف یەعقووبی، كۆڵبەری خەڵكی سەڵماس كە حەوتووی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومەتییەكان لە ناوچەی سنووریی سەڵماس بە سەختی بریندار ببوو، بە هۆی قووڵی برینەكانی گیانی لە دەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی جوڵای)، لەتیف یەعقووبی، كۆڵبەری تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵكی گوندی “كۆزە ڕەش”ی سەر بە سەڵماس و باوكی منداڵێک، بە هۆی قووڵی برینەكانی لە ئەنجامی تەقەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەم كۆڵبەرە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٦ی جوڵای)، لە كاتی كۆڵبەری لە ناوچەی سنووریی سەڵماس بە بێ هیچ ئاگادارییەكی پێشوەختە، كرابووە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی هەنگی سنووری و بە هۆی برینەكانییەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە.