بۆكان؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی كاوە ڕەحیمی

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
كاوە ڕەحیمی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی بۆكان، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی ٢٢ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١ی جوڵای ٢٠٢٥)، كاوە ڕەحیمی، تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵكی بۆكان و دانیشتووی گوندی “ناچیت”ی سەر بەم شارە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەی بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی ٢٢ ڕۆژ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەكی دادوەری، بە بەكارهێنانی توندوتیژی، شكاندنی درگا و دەلاقەی ماڵەكە و پشكنینی، هەوڵی دەستبەسەركردنی ئەم هاووڵاتییەیان داوە.
تا ئێستا زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.