بەرپرسیارکردنەوەی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ؛ داوای هاوار هێلپ لە ئەورووپا بە مەبەستی گەمارۆ خستنە سەر بەرپرسانی ئێرانی

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاوار هێلپ (HÁWAR.help) لە ئەڵمانیا، لیستێکی بەڵگەمەندی لە ناوی ۵۰ کەس لە بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕۆڵیان گێڕاوەی پێشکەشی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا کردووە. ئامانج لەو کارە، گەمارۆی دیاریکراوی یەکێتی ئەورووپا لەسەر ئەو کەسانە بریتی لە قەدەغەکردنی هاتووچۆیان بۆ ئەو وڵاتانە و ڕەشکردنەوەی داراییەکانیانە.
بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو لیستە بەرهەمی بەدواداچوون، پشتڕاستکردنەوە و بەڵگەمەندکردنەوەی یاسایی لەسەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئەو کەسانە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، دەستبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، ئەشکەنجەکردن و سەپاندنی سزای نامرۆڤانە بەسەر بەندکراوانی سیاسی و ناڕازییانە. ئەو هەنگاوە بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێکخراوی هاوار هێلپ بە مەبەستی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و بەرپرسیارکردنەوەی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بە هەژمار دێت.
بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاوار هێلپ ڕایگەیاندووە کە ئەو پەنجا کەسە "بەشێوەی بەڵگەمەند لە تاوانکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەستیان هەبووە." زانیارییەکان لەسەر ئەو کەسانە، بریتی لە بەڵگەی ڕوون لە بەرپرسی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆیان لە چەوساندنەوە، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر بەندکراوانی سیاسی و ناڕازییانە.
هاوار هێلپ ئامانجی خۆی لەو کردەوە "بەشداریی هەستپێکراوی بە مەبەستی بەرپرسیارکردنەوە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی" ڕاگەیاندووە. بەپێی وردەکارییەکان، ئەو ئامانجە لە ڕێگای گەمارۆکانی یەکێتی ئەورووپا بریتی لە قەدەغەی هاتووچۆی ئەو کەسانە بۆ قاڕەی ئەورووپا و ڕەشکردنەوەی داراییەکانیان ئەنجام دەدرێت.
مریەم کەلان، بەرپرسی بەشی ئێرانی هاوار هێلپ و کچی ناهید تەقەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەو بارەدا ڕایگەیاندووە کە "هەر یەک لەو کەسانە بەرپرسی ڕەنجێکی بێ کۆتایین. کاتی ئەوە گەیشتووە کە ئەورووپا هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت و ڕاشکاوانە لەگەڵ قوربانیان بێت."
ڕێکخراوی هاوار هێلپ بەرهەمی ئەزموونی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە عێراقە و چالاکییەکانی پاڵپشتی لە قوربانییانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان، سووریا و عێراقە. بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە تاییەت بە بەڵگەمەندکردنی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بەدواداچوونی یاسایی لەسەر بەرپرسانی ئەو تاوانانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە.
هەنگاو وێڕای پاڵپشتی تەواو لەو داهێنانە یاسایی و سیاسییە، بە هەنگاوێکی کاریگەر و پێویست لە ڕێگای خەبات بەرانبەر بە ئاسایشی بەرپرسانی تاوانباری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەزانێت. لە ڕوانگەی هەنگاو، هەرچەشنە هەوڵێکی بەڵگەمەندکراوە و هاوئاهەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتی کە بە ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری، گەرەنتینەکراوەیی دووپاتبوونەوەی تاوانەکان و بەهێزکردنی دەنگی قوربانیان و بەجێماوانیانە، بەشێکی گرینگ لە خەباتی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە ڕژێمێکە کە پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی هاووڵاتییان وەکوو ئامرازێک بەکار دەهێنێت.