چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر چالاکانی کولتووریی کوردی خوراسان؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی چالاکانی کورد

١ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٣:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێ لە گوشار و سەرکوت لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای خوراسانی باکوور و بەتایبەت لە شارەکانی بجنۆرد و شیروان، دژ بە چالاکانی بواری زمان و کولتووری کوردی دەستی پێ کردووە. لەو ماوەیەدا لانی کەم شەش چالاکی کولتووریی کورد بریتی لە کچێکی تەمەن ۱۴ ساڵ، کە لە بواری پەرەپێدان بە زمان و کولتووری کوردی چالاکییان دەکرد، دەستبەسەر کراون و چەند کەسی دیکەش بانگ کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا لە پارێزگای خوراسانی باکوور، لانی کەم ۶ کەس لە چالاکانی کولتووریی بواری زمانی کوردی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە:

۱. ئەعزەم ناسری- چالاکی کولتووری خەڵکی شیروان

۲. حەسەن سەیفی- چالاکی کولتووری خەڵکی شیروان

۳. مۆرتەزا پیرزادە- چالاکی کولتووریی بواری جلوبەرگ و کولتووری کوردی خەڵکی شیروان

۴. مستەفا ڕەهنەما- وەرزشوان و چالاکی کولتووری تەمەن ۴۷ ساڵی خەڵکی شیروان

۵. کەژاڵ ساڵحی- مێرمنداڵی تەمەن ۱۴ ساڵی خەڵکی گوندی ناوەی سەر بە شاری بجنۆرد

۶. ئاراز ساڵحی- باوکی کەژاڵ ساڵحی و چالاکی کولتووری خەڵکی بجنۆرد

سەرجەم ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون لە چالاکانی کولتووری بوون کە لە بواری پاراستن و پەرەپێدان بە زمان و کولتووری کوردی چالاکی دەکەن و دەستبەسەرکرانیان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و تەنانەت لە چەند حاڵەتدا بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە ئەنجام دراوە.

هەروەها هەنگاو زانیویەتی کە، لە ماوەی حەوتووی ڕابروودا دەیان چالاکی کولتووریی کورد لە شارەکانی مەشهەد، بروجێرد، قووچان، شیروان، ئەسفەراین و دەرگەز لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە.

دەستبەسەرکرانی قوتابییەکی تەمەن ۱۴ ساڵ و ناڕەزایەتی خەڵک

هەر لەو بارەدا کەژاڵ ساڵحی، کچی تەمەن ۱۴ ساڵی خەڵکی گوندی ناوەی سەر بە شاری بجنۆردی پارێزگای خوراسانی باکوور لە دوای خوێندنەوەی دیکلەمەیەک بە زمانی کوردی کورمانجی لە وەسفی کوردستان لە چەند ڕێورەسمی کولتووریدا، و ئاراز ساڵحی باوکی ناوبراو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کراون.

ئەو کردەوە کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵکی گوندی ناوەی لێکەوتەوە و خەڵک بە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای ئازادیی ئەو منداڵەیان کرد کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، کەژاڵ ساڵحی پاش سێ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەشێوەی کاتی ئازاد کرا. سەرەڕای ئەوەش باوکی ناوبراو، ئاراز ساڵحی تا ئێستاش دەستبەسەرە و نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ناوبراو درێژەیان هەیە.

پێشینەی گوشار لەسەر چالاکانی کولتووریی کوردی خوراسان

چالاکانی کولتووریی کورد لە خوراسانی باکوور لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ هەڕەشە، بانگکران و دەستبەسەربووندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. هەوڵی ئەو چالاکانە بۆ فێرکاری زمانی دایکی، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی کولتووری و کەڵکوەرگرتن لە جلوبەرگی کوردی بە کاردانەوەی سەختی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵام دراوەتەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی گوشارخستنەسەر هونەرمەندان و چالاکانی کولتووری کوردی خوراسان، بە قەدەغە ڕاگەیاندنی کەڵکوەرگرتنیان لە جلوبەرگی کوردی لە رێورەسمە گشتییەکاندا، ژمارەیەک لەو چالاکانە وەکوو عەلی کەریمی، حەسەن تەقیزادە، عەلی دڵفەراز، حوسێن فیرووزە و جەلال بەراتزادەیان بەهۆی هاوکاری لە سازکردنی کلیپی مۆسیقای "وڵات" بە زمانی کوردی، بانگ و دەستبەسەر کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

هەروەها ستۆدیۆی "تەقیزادە" لە شاری ئەسفەراین داخراوە و چەند هونەرمەند بەناوەکانی کەلیموڵڵا تەوەحۆدی، عەلیڕەزا سپاهی لایین، رۆیا ئیسماعیلیان و ئەسمەر حەمیدی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

بارودۆخی مافی مرۆڤ لە خوراسانی باکوور

پارێزگای خوراسانی باکوور کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی تێدا نیشتەجێیە، بەردەوام لەگەڵ پێشێلکردنی بەرچاوی مافە کولتووری و زمانییەکانیانی خەڵکی کورد ڕووبەڕوو بووە. سیاسەتەکانی چەوساندنەوە لەو ناوچەیە، کەشی چالاکی مەدەنی، کولتووری و فێرکاری بەسەختی سەرکوت کردووە.

چالاکانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت کەسانێک کە لە بواری پەرەپێدان بە زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی کولتووری و فێرکاریی زمانی دایکی چالاکی دەکەن، بەردەوام لەگەڵ هەڕەشە، دەستبەسەرکران و سەرکوت ڕووبەڕوو بوون.

ئەو بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کەشێکی پڕ لە بەربەست و جێی نیگەرانی بۆ چالاکانی مەدەنی و کولتووری ساز بکرێت.

پێشێلکرانی مافە نێودەوڵەتییە کولتووری و زمانییەکان

بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بریتی لە ڕاگەیەندراوەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان، پەروەردە بە زمانی دایکی و پاراستنی ناسنامەی کولتووری لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تاک و کۆمەڵگایەکە. گوشارە ئەمنییەکان و دەستبەسەرکرانی چالاکانی کولتووری لە خوراسانی باکوور، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو مافە سەرەکییانە بە هەژمار دێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو دەستبەسەرکرانانە و گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی کولتووریی کورد، ئەو کردەوە بە پێشێلکردنی جددیی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە کولتووری و زمانییەکان دەزانێت و لە ناوەندە نێودەوڵەتی و بەرگریکارەکانی ئازادیی ڕادەربڕین داوا دەکات کە بە گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پاراستنی مافی کولتوور و زمانی کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران کاردانەوەیان هەبێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە