ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە مەرگی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە مەشهەد
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی سەبزەوار، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لە نووسینگەی کارەکەی گیانی لەدەست دا. لە کاتێکدا بەرپرسان هۆکاری مردنیان وەستانی دڵ ڕاگەیاند، بەڵام بەڵگە سەرەتاییەکان و وتەی نزیکان و پارێزەران، لەوانە خوێنبەربوونی نائاسایی و ئەگەری زیانی جەستەیی، گومانی جیدییان سەبارەت بە گیان لەدەستدانی دروست کردووە. هەروەها، پێشینەی سیاسیی ئەم پارێزەرە و چالاکییە پیشەییەکانی لە داکۆکیکردن لە دەستبەسەرکراوانی سیاسی و دۆسیە هەستیارەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە حوکوومییەکان زیاتر کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم ڕاپۆرتەدا وردەکارییەکانی مەرگی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی لەسەر بنەمای زانیارییە بڵاوکراوەکان لەلایەن سەرچاوە متمانەپێکراوەکان، پارێزەران و نزیکانی، و هەروەها بەڵگە سەرەتاییەکانی بەردەست و کاردانەوەی بەرپرسانی حکومی و قەزایی، کۆ کردووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵ بۆ کۆچی دوایی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادوەری و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە دەکات بۆ ڕوونبوونەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی.
مەرگی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی
خوسرەو عەلیکوردی، یەکێک لە پارێزەرانی دادوەری و هاووڵاتیی ٤٥ ساڵەی کورد، خەڵکی سەوزەوار و نیشتەجێی مەشهەد، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لە نووسینگەی کارەکەی گیانی لەدەست دا. بەرپرسانی دادوەری و هێزەحکومیەکان هۆکاری گیانلەدەستدانیان وەستانی دڵ ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگە سەرەتاییەکان و ڕاپۆرتی پارێزەرە نزیکەکانی دۆسیەکە سەبارەت بە ئەگەری زیانی جەستەیی، گومانی بەرچاویان لە شێوازی گیانلەدەستدانی ئەم پارێزەرە دروست کردووە.
هەروەها، دەستوەردانی خێرای هێزە حوکوومییەکان لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا، کۆکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی شوێنەکە و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەی ناوبراو بە شوێنی ڕوداوەکە، نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ئەگەری دەستتێوەردانی هۆکارە حوکوومییەکان زیاتر کردووە.
کاردانەوەکان بۆ مەرگی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی
زانیارییە بەردەستەکان سەبارەت بە مردنی خوسرەو عەلیکوردی تەواو و ڕوون نین و گومانێکی جیدی لەم بوارەدا هاتووەتە ئاراوە.
مردنی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی چالاکانی مەدەنی، مافناسان و کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ بۆتەوە. زۆرێک لە هاوپیشە یاساییەکانی ناوبراو، بە ئاماژەدان بە پێشینەی درێژخایەنی گوشارە ئەمنییەکان دژی عەلیکوردی، داوای ڕوونکردنەوەی خێرا و پێکهێنانی شاندێکی سەربەخۆی ڕاستیەکانیان کرد.
ئەم چالاکانە جەختیان کردووەتەوە کە بەهۆی ئەو گومانە بەرچاوانەی لە شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراودا هەیە، پێویستیی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانەیی دوو هێندە کردۆتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراو و دەزگا مافی مرۆڤییەکانیش مردنی گوماناوی ناوبراویان بە جێی داخ و کەسەر ناو بردووە و ڕایانگەیاندووە کە پێشینەی دەستبەسەرکردنەکان، بڕیارە یەک لە دوای یەکەکان و کۆتوبەندە قەزاییەکان دژی ناوبراو، ئەگەری دەستتێوەردانی دەزگا ئەمنییەکانی کردووەتە گومانێکی جدی کە جێی داواکارییە.
ژیاننامە و مافە پێشێلکراوەکان
خوسرەو عەلیکوردی، لەدایکبووی ٥ی سەرماوەزی ٢٧١٨، خەڵکی شاری سەبزەواری سەر بە پارێزگای خووراسانی ڕەزەوی، لە ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی بۆ قۆناغی ماستەری ڕشتەی یاسای گشتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی وەرگیرا، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگری لە تۆمارکردنی ناوی کرد. سەرەڕای سکاڵای ناوبراو بۆ دیوانی دادوەریی ئیداری و دەرچوونی بڕیاری کۆتایی بۆ لابردنی ڕێگریی خوێندن، زانکۆ لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە خۆی بوارد و عەلیکوردی لە بەردەوامبوونی خوێندن لەم زانکۆیە بێبەش کرا. پاشان ناوبراو لە زانکۆی ئازادی تاران-ناوەند درێژەی بە خوێندن دا.
ئەم پارێزەرە، دوای تێپەڕکردنی ساڵێک بەندکران لە گرتووخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد، لە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ئازاد کرا. سەرەڕای ٥ ساڵ خوێندن لە قۆناغی دکتۆرای ڕشتەی یاسای گشتی، بەهۆی ساڵێک بەندکران، لە بەردەوامبوونی خوێندن بێبەش کرا.
پێشینەی پیشەیی و چالاکییەکانی مافی مرۆڤ
ئەم پارێزەرە، پارێزەریی ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی، لەوانە حەسەن باقرینیا، فاتمە سپێهری، و بنەماڵەی دادخوازان وەک بنەماڵەی ئەبوولفەزل ئادینەزادە، مێردمنداڵی کوژراو لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی گرتە ئەستۆ، و بەم هۆیەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام کرابووە ئامانجی هەڕەشە، بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی بڕیاری قورس.
خوسرەو عەلیکوردی چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەرکوتی هاووڵاتییان و پێشێلکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە و دۆخی نالەبار و ئەشکەنجەکانی بەندکراوانی سیاسیی بە ڕای گشتی گەیاندبوو.
پێشینەی سیاسی، دەستبەسەرکردن، بانگهێشت، بڕیارەکان و گوشارە ئەمنییەکان
خوسرەو عەلیکوردی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار ڕووبەڕووی دۆسیەسازکردن و گوشارە ئەمنی و دادوەریەکان ببووەوە. ئەو لە سەرەتای سەرماوەزی ٢٧٢٤ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە بە ساڵێک بەندکران، دوو ساڵ دوورخستنەوە، دوو ساڵ قەدەغەی هاتنە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ بێبەشبوون لە پیشەی پارێزەری و بوون لە ژینگەی مەجازیدا حوکم درا. هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لقی ٣ی دادگای کەیفەری دووی مەشهەد، ناوبراویان بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی درۆ» ڕوبەڕووی ٢١ ملیۆن تمەن سزای نەقدی کردبوو.
هەروەها لە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ دوای بانگهێشتکردنی بۆ لقی ٩٠١ی لێکۆڵینەوە، دەستبەسەر کرا و چوار ڕۆژ دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەو لە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ دووبارە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ساڵێک بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەی وەکیل ئاوا کرا. پاشان لە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتێکدا کە بە شێوەی «ڕای کراوە» ماوەی سزای پێشووی بەسەر دەبرد، لە بەردەم گرتووخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد دووبارە دەستبەسەر کرا.
بەپێی بڕیاری دەرچوو لە ڕەزبەری ٢٧٢٥، لقی پێنجی دادگای ئینقلابی مەشهەد بە سەرۆکایەتیی دادوەر یەزدانخواز، ناوبراوی بەهۆی «بڵاوکردنەوەی بابەت لە ژینگەی مەجازی» و بە تۆمەتی «چالاکیی پڕۆپاگەندەیی دژی نیزام» بە ساڵێک بەندکرانی دیکە سزا دا.
پێشینەی سیاسی و چالاکییەکانی مافی مرۆڤی خوسرەو عەلیکوردی، لەوانە دەستبەسەرکردنەکان، بڕیارە قەزاییەکان و کۆتوبەندەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەسەریدا سەپێنرابوون، ڕۆڵێکی گرنگی لە زیادبوونی گومانەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی هەیە.
بە خاک ئەسپاردنی خوسرەو عەلیکوردی
تەرمی خوسرەو عەلیکوردی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، بە بەشداریی بەرفراوانی خەڵک، چالاکانی مەدەنی، دۆستان و هاوپیشەکانی لە زێدی خۆی لە عەبدولئاوای سەوزەوار بە خاک سپێردرا.
جەواد عەلیکوردی، برای خوسرەو، لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر پێبەندبوونی ئەخلاقی و مرۆیی براکەی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ساڵانێکی زۆر داکۆکی لە کەسانی بێدەنگ کردووە، دۆسیەی قورسی وەرگرتووە و بەرگەی گوشارە ئەمنییەکانی گرتووە. هەروەها جەختی کردەوە کە یاد و میراتی پیشەیی و ئەخلاقیی خوسرەو عەلیکوردی وەک ئیلهامبەخشێک بۆ بنەماڵە، هاوپیشەکان و هەموو بڕوادارانی دادپەروەری دەمێنێتەوە.