ئورمیە؛ دەستبەسەركرانی ئایهان ئیبراهیمی عەلیكانی بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
ئایهان ئیبراهیمی عەلیكانی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی ئورمیە و دەرچووی بەشی پەرەستاری لە زانكۆی زانستی پزیشكی گیلان، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای یەك ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، ئایهان ئیبراهیمی عەلیكانی، تەمەن ٢٩ ساڵ، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای یەک ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، لەم دواییانەدا، سزای یەک ساڵ بەندكرانی ئەم هاووڵاتییە لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆكایەتی دادوەر شاهینی دەرچووە و پشتڕاست كراوەتەوە.
ناوبراو پێشتر لە سەرەتاكانی ڕەزبەری ٢٧٢٤، لە لایەن لقی ٣ی دادگای ئورمیە بە سەرۆكایەتی دادوەر قەزات بەرزكار و نەجەف زادە بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە گروپە دژبەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران” بە سزای ٦ ساڵ بەندكران بە حسێبكردنی ماوەی دەستبەسەركرانەكەی مەحكووم كرابوو.
ئەم سزایە لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و پێداچوونەوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات ڕەتكرایەوە و دۆسیەكە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ یەكێك لە لقەكانی هاوتای دادگای ئورمیە نێردرا.
ئایهان ئیبراهیمی عەلیكانی لە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی بنەماڵەییەكەی لە شاری ئورمیە بە شێوەیەكی توندوتیژاە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ئەمنیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە و لە كۆتاییدا بە دانانی بارمتەی دوو ملیاری بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد كرا.