مەریوان؛ دەستبەسەرکردنی ئاروین نیکپەی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو، هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ئاروین نیکپەی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێ ساڵ بەندکردنی تەعزیری دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٦ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئاروین نیکپەی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترایەوە.
ئاروین نیکپەی پێشتر لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا بوو، کە ئەو سزایە لە کۆتاییدا بۆ ٣ ساڵ کەم کرایەوە.
ئاروین نیکپەی، کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو، لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە شاری مەریوان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەوڵی خۆکوژیی دا و بۆ نەخۆشخانەی فەجری ئەو شارە گواسترایەوە، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغی چارەسەری پزیشکی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گەڕێندرایەوە؛ ئەمەش بووە هۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی لەبەردەم ئەو ناوەندەدا.
ئەو لە کۆتاییدا ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٥ی مەی ٢٠٢٣) دوای چوار مانگ دەستبەسەرکردن، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئازاد کرا.