بەردەوامیی دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی ئەمین كەریمی هونەرمەند و ئەكتەری شانۆ لە ئورمیە

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٦:٢٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕینی سێ هەفتە لە دەستبەسەركرانی ئەمین كەریمی، هونەرمەند و ئەكتەری شانۆ و خەڵكی ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە رەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیش دەستبەسەر كرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٣ ڕۆژ لە كاتی دەستبەسەركردنی ئەمین كەریمی، هونەرمەندی كورد و ئەكتەری شانۆ و خەڵكی ئورمیە، بەدواداچوونەكانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لەسەر بارودۆخی ناوبراو بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان لە پێدانی هەرجۆرە زانیارییەك لەم بارەوە خۆیان پاراستووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەمین كەریمی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر لێپرسینەوە دایە و لاپەڕەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی لە لاكە هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەبرێن.

شایانی باسە كە، ئەم هاووڵاتییە كوردە تا ئێستا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی و هەروەها هەبوونی پارێاەر بێبەش بووە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١ی جوڵای ٢٠٢٥)، لە كاتی گەڕانەوەی لە توركیا لە سنووری سێرۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە.

شایانی باسە كە ئەمین كەریمی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرابوو.

تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە كوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە