سنە؛ حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێزی بەهۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ئاگری چیای ئاویەری سنە گیانی لەدەست دا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٣:٤٤

هەنگاو؛ هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

حەمید مورادی، لە چالاکانی ژینگەپارێزی و پارێزەری دادگوستەری سنە کە لە ڕەوتی ئاگرگرتنی بەرفراوانی چیای ئاویەری سنە بەسەختی تووشی سوتان هاتبوو، گیانی لەدەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۵ی جولای ۲۰۲۵)، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێزی و پارێزەری خەڵکی شاری سنە، کە لە ڕەوتی ئاگرگرتنی بەرفراوانی بەرزاییەکانی چیای ئاویەری سنە بەسەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ناوبراو بۆ گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی سنە گوستراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا بەخاک بسپێردرێت.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ڕۆژی ڕابردوو، هاوڕێ لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزی و هێزە خۆبەخشەکانی خەڵک، لە ئەنجامی هەوڵیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ناوچەکە، بە سەختی بریندار بوو.

لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدا، لانی کەم ۶ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بەسەختی بریندار بوون. دوو کەس لەو چالاکانە بەناوەکانی حەمید مورادی و چیاکۆ یووسفی نژاد بەسەختی بریندار و بۆ بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی کەوسەر گواسترابوونەوە.

ئەو ئاگرە دەوروبەری کاتژمێر یەک و نیوی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۴ی جولای ۲۰۲۵)، لە پشت پارکی کوودەکەوە دەستی پێکرد و بە خێرایی بە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد گەیشت. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، کونترۆڵکردنی بە تەواوی لە لایەن هێزە خۆبەخشەکانی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجام درا.

ئەو ئاگرگرتنە لەحاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕووداوی هاوشێوەیدا گیانی خۆیان لەدەست داوە. نەبوونی کەرەستەی پێویست و کەمتەرخەمی ناوەندە بەرپرسیارەکان، بەرپرسایەتی کۆنترۆڵی ئاگرکوژاندنەوە بە ئەنقەستەکانی بە تەواوی لە ئەستۆی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی هێشتووەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە