زاهیدان؛ سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر محەممەد دەروێش نارۆیی و یاسین کەبدانی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

هەنگاو؛ دووشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
محەممەد دەروێش نارۆیی و یاسین کەبدانی، دوو دەستبەسەرکراوی بەلووچی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. هەروەها بنیامین کووهکەن، منداڵی تۆمەتباری سیاسی دادگایی کراوە و بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە. سزای ناوبراو تا ئێستا نادیارە و بۆ ئاشکراکردنی بەدواداچوون دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، محەممەد دەروێش نارۆیی تەمەن ۲۲ ساڵ و یاسین کەبدانی تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی زاهیدان بە تۆمەتی «موحاربە و افساد فی الارض» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها بنیامین کووهکەن کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە لە هەمان دادگادا، دادگایی کراوە و دەستبەجێ لە بەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵانی زاهیدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
ناوبراو تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری خۆیدا نەبووە و زانیارییەک لەسەر ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە لەبەر دەستدا نییە.
محەممەد دەروێش نارۆیی، یاسین کێبدانی و بنیامین کووهکەن لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانیاندا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا داندرابوون و لە مافە سەرەکییەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.
ئەو سێ گەنجەی خەڵکی شاری زاهیدان لە ڕێکەوتی ۱۶ی بەفرانباری ۲۷۲۲، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر و پاش لێپرسینەوە بە بەکارھێنانی گوشار و ئەشکەنجەی سەختەوە، بۆ بەندیخانە گواسترانەوە.