کرماشان؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ناسیح مورادی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
بڕیاری دەستبەسەرکرانی ناسیح مورادی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ کە لە حەفتا ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە، لە لایەن ئەو ناوەندە ئەمنییە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بۆ ماوەی بیست ڕۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتا ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناسح مورادی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵی خەڵکی شاری جوانڕۆ، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو بۆ ماوەی بیست ڕۆژی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە درێژ کراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ۵ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۶ی مەی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی مەیدانی نەوتی کرماشان (دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات) گواسترایەوە و لەو ماوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بووە.