شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی ئەبووبەکر عوقابی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٤:٣٧

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

ئەبووبەکر عوقابی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ پاش بانگکران و سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، ئەبووبەکر عوقابی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی باڵاگێڕی سەر بە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکرانی ئەبووبەکر عوقابی لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کەلوپەلی تایبەتی خۆی و بنەماڵەکەی کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو بانگ کراوەتە ئەو ناوەندە ئەمنییە و پاش سەردانی دەستبەسەر کراوە.

شایەنی باسە کە هێزە ئەمنییەکان بەیانیی ڕۆژی دووشەممە لە کاتی هێرش بۆ سەر چەند ماڵ لە گوندی باڵاگێڕ و پشکنینیان، ماڵی ئەبووبەکر عوقابییان پشکنیبوو و دەستیان بەسەر کەلوپەلی بنەماڵەی ناوبراودا گرتبوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر گوندی باڵاگێڕ و پشکنینی ماڵی خەڵکی ئەو گوندە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە