ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێ بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی لوڕ بەناوەکانی مەهدی جوزیان گاوبازە، سابیر عەزیزپوور و حەسەن ڕەمەزانی کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دۆسیەی جیاوازدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی مەهدی جوزیان گاوبازە، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵ و خەڵکی نوورئابادی سەر بە پارێزگای لوڕستان و سابیر عەزیزپوور، تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان و بەندکراوێکی لوڕ بەناوی حەسەن ڕەمەزانی تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەسەن ڕەمەزانی چوار ساڵ پێشتر و سابیر عەزیزپوور سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"، هەروەها مەهدی جوزیان گاوبازەش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.