جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی حافیز ڕەحمەتی و هومایوون سەفەری لە بەندیخانەکانی خوڕەم ئاوا و ئیلام

هەنگاو؛ شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی لوڕ و کورد بە ناوەکانی حافیز ڕەحمەتی و هومایوون سەفەری، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی خوڕەم ئاوا و ئیلام جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی حافیز ڕەحمەتی، خەڵکی خوڕەم ئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی هومایوون سەفەری، خەڵکی ئیلام لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکومەتی بە تایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.